رۆژانی لە دەست چوو

 

دوای چەند رۆژێک لە نیشتەجێ بوونی لە تەلارە مەزنەکەى،ئارنیست کازیرا دەگەڕایەوە ماڵەوە، لە دوورەوە پیاوێکی بینی کە سندوقێکی بەسەر شانیەوە هەڵگرتبوو، لە دەرگا لاوەکییەکەی پەرژینی چواردەوری تەلارەکە دەچووە دەرەوە و سندوقەکەی لەناو بار هەڵگرێک دادەنا.

 

لە کاتێکی گونجاو بەر لە رۆیشتنی نەیتوانی بیگاتێ،ئیدی بە ئۆتومبیلەکەى دواى کەوت،بارهەڵگرەکە رێگایەکی دووری بڕی تا گەیشتە ئەو پەڕی قەراغی شار، لە لێوارى دۆڵێکی بچووک وەستا.

 

کازیرا لە ئۆتومبیلەکەی دابەزی و چوو تا بزانێ لەوێ چی روو دەدات، بێگانەکە سندووقەکەی لە بارهەڵگرەکە داگرت و چەند هەنگاوێکی نا و هەڵی دایە ناو دۆڵەکە، کە تەژی بوو لە هەزاران هەزار سندوقی هاوشێوە..

 

کازیرا لە پیاوەکە چووە پێش و لێی پرسی: تۆم بینی ئەو سندوقەت لە باغچەکەی من دەرهێنا چی تیا بوو؟....ئەی ئەم هەموو سندووقانە چین؟....پیاوەکە سەیرێکی کرد و بزەی هاتێ: هێشتا گەلێکی دیکەم پێیە لەبارهەڵگرەکە فڕەیان بدەم.

 

ئەوە نازانی؟ئەوە رۆژەکانە.

 - کام رۆژەکان؟

 

- رۆژەکانت.

 

- رۆژەکانم؟

 

- رۆژە لە دەست چووەکان،ئەو رۆژانەی لە دەستت چوون،چاوەڕوانیان بووی وانیە؟ وا هاتن.. چیت لێ کردن؟ سەیریان کە.. دەستیان لێ نەدراوە،هێشتا هەڵاوساون..و ئێستا..

 

کازیرا سەیری کردن..کۆمەڵێکی فراوانیان پێک دەهێنا..

 

لە لێژاییەکە چووە خوارەوە و یەکێ لە سندوقەکانی کردەوە،رێگایەکی پاییزی تیابوو، لە کۆتایی رێگاکەش،گراتیزیللا،دەستگیرانەکەی کە بۆ هەتاهەتایە وون بوو، ئەو هەر بانگیشی نەدەکرد.

 

سندوقێکی دیکەی کردەوە،ژوورێکی نەخۆشخانەی تیابوو،چوارپایەک جۆزویێ ی برای لەسەری راکشابوو ،نەخۆش بوو و چاوەڕوانی سەردانێکی کازیرای دەکرد کە لە گەشتێکی گەشتەکانی کاری بوو.

 

سندوقی سێیەمی کردەوە..لەبەردەم دەرگا ئاسنینەکەی خانووە کۆنە نەگبەتەکەی،(زاک) سەگە بەوەفاکەی دووساڵە چاوەڕوانی دەکات،بووە بە پێست و ئێسقان و کازیراش خەو بە گەڕانەوە بۆ ئەوێ نابینێ.

 

هەستی بە خۆی کرد کە شتێک ئەوی بردۆتە ئەوێ،لە بەردەم شتومەکەکانی،بارهەڵڕێژەکە لە قەراغی دۆڵەکە چەسپاو بوو، وەک جەللادێک وەستابوو.

 

- گەورەم، کازیرا هاواری کرد، لێم گەڕێ بە لایەنی کەم ئەو سێ رۆژەم لەگەڵ خۆم بەرم، هەر نەبێ ئەو سێ رۆژە، من دەوڵەمەندم و هەرچی داوا بکەیت لە بەرامبەردا ئەتدەمێ.

 

بارهەڵڕێژەکە جوولەیەکی بە دەستی راستی کرد، وەک ئەوەی ئاماژە بە خاڵێک بکات کە پێگەیشتنی مەحاڵبێت،هەروەک بڵێت کات زۆر درەنگە، و ئیدی چارەیەک نەماوە.. دواتر بە هەوادا پوکایەوە و لە هەمان کاتیشدا ئەو کۆمەڵە گەورەی سندوقە نهێنی دارەکان بزر بوو،تاریکی شەویش دایکرد.

 


 

HIIWA  2007