بولبول و قەفەز
دڵم کردۆت قەفەزێک
خۆشەویستی تەلبەندیەتی و
ترپەی دڵیش دەرگایەتی
بولبولێکیش هاوڕێ ئاسا میوانیەتی
کەچی بولبول بەبێ ئاگا
بۆ دەربازبوون هەر هەوڵ ئەدا
نازانێ نا،،،،،!
بە شکاندنی دەرگا،،
بە تەرابوونی
دڵ ئەبێتە چۆڵەوانی
دڵ بۆی ئەبێتە قوربانی
،،،،،شاگوڵ،،،،،
لەو ڕۆژەوەی کە گوڵەکان هاتوونە بوون
هەر شەڕیانە لەسەر ئەوەی کامیان شا بوون
کە تۆ چویتە ناو گوڵزارو خۆت نیشاندان
هەموو دۆڕان بۆ پاشاکەیان ملکەچ بوون
،،،،، بەرەو لای تۆ،،،،،
هۆ ئازیزم
لەسەر ڕێگای خۆشەویستیم
بەرەو لای تۆ هەنگاو ئەنێم
ماتو مەلول و پەرێشان
هەنگاو لەسەر هەنگاو ئەنێم
ئەزانی بۆ زەرد و لاواز
ماندویی ڕێم پێوە دیارە
چونکە ڕێگەم گەلێک دوورەو
زۆریش سەختەو بە ئازارە
بەڵام نەکەی بێ هیوا بی
خۆت دڵتەنگ کەی بێ ئاگا بی
دڵنیابە دەگەمە جێ
چونکە رێگەم گەلێک ڕوونە
ڕێگای خۆشەویستی تۆیەو
ڕێگای بەرەو لای تۆ چوونە