به‌خێربێن به‌ڕێزان ماڵپه‌ڕی هیوا پێکهاته‌ی ڤیدیو کلیپ میوسیک فیلم پرۆگرام له‌خزمه‌ت به‌ڕێزتاندایه‌ سه‌ردان بکه‌ن رۆژانه‌ نوێ ده‌کرێته‌وه‌  


دوو وەرز لە فەساد بوونى ڕۆح

 

پێشکەشە بە تۆ چونکە زۆر لە خۆم دەچیت..

 

کوا لە کوێن کچە عاشقەکانمان؟

 

گۆزە شەرابەکانى سەرشانیان بە کێ بەخشى؟

 

بە سەماکەرانى شەو یان بە کوڕەکانى فیرعەون

 

ئەو کوڕانەى لەگەڵ خۆر ئاوا بوندا

 

فریشتەیان ڕاو دەکرد

 

مەلەکوتیان فەساد دەکرد

 

ڕیحانەیان دەوەراند

 

ئاگریان لەسەر ناوچەوانى مانگ دەکردەوە

 

ئەو کاتە ئاو دەمى نەبوو بانگى ئەسپەکانى ڕۆحى بکات

 

شەونم دەمى نەبوو ماچى گیا بکات

 

پەپولەى شەو باڵى نەبوو ڕوناکى بخوێنێتەوە

 

نازانم کێ تەفسیرى ئەم خەونەم بۆ دەکات

 

ئەم خەونە کوشندەیە

 

کەبەدەستى خۆم هاوسەنگى ئەم تەمەنە پایزییەم تێک دەدەم

 

 

من لە مەرجەعى شەیتانم

 

تۆ لە مەرجەعى بەرەکەت

 

ئاى چەند نامۆیە ئەم گوڵە ڕەشە بە باخچەى سەر شەقامەکان!!!

 

چەند ترساوە ئەم نەوڕەسە بە ئاسمان!

 

ڕووخاوە ئەو پاڵاسەى بە یاقووت بنیادت ناوە

 

چەند سەیرە ئەم تاعونەى من بە سەرابستانى تۆ !؟

 

 

29/4/2004

 

هەولێر

 

 
 

HIIWA  2007